لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هاریکاریی زانستی و نێودەوڵەتیدا، شاندێکی باڵا لە زانکۆی فیدراڵی ئۆڕاڵی ڕووسیا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێگاکانی فراوانکردنی پەیوەندییە فێرکاری، توێژینەوەیی و پیشەسازییەکان، سەردانی زانکۆی کوردستانی کرد.
زانکۆی کوردستان میوانداریی شاندێکی زانکۆی فیدراڵی ئۆڕاڵی ڕووسیای کرد
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، ئەم سەردانە لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ (بەرانبەر بە ٤ و ٥ی خەزەڵوەر)، لەلایەن نووسینگەی کاروباری نێودەوڵەتیی زانکۆوە ڕێک خرابوو. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە، بەدواداچوون و جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتی لێکگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو زانکۆ بوو.
شانده ڕووسییەکە پێکهاتبوو لە دکتۆر پاوێل سمیرنۆڤ، ڕاوێژکاری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هەماهەنگکاری پەیوەندییە زانستی و پیشەسازییەکان؛ دکتۆر لێڤ کرێکۆتێن، ڕاوێژکاری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئۆڕاڵ؛ و دکتۆر مۆحسین بەگی، هەماهەنگکاری هاریکارییە زانستییەکان لەگەڵ زانکۆکانی ڕووسیا.
شاندەکە لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی زانکۆی کوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لەو مامۆستایانەی کە پێشینەی خوێندنیان لە زانکۆکانی ڕووسیا هەبوو، دیداریان ئەنجام دا و لەبارەی توانست و بوارەکانی هاریکاریی هاوبەشەوە گفتوگۆیان کرد. لە درێژەی بەرنامەکەدا، شاندی میوان سەردانی فاکەڵتییەکانی ئەندازیاری، زانست، زمان و ئەدەبیات، کشتوکاڵ و هەروەها سەنتەری توێژینەوەی کوردستانناسییان کرد.
لە کۆتایی سەردانە دوو ڕۆژییەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی هاریکاریی درێژخایەن لە بوارە فێرکاری، ڕۆشنبیری و پیشەسازییەکاندا کردەوە. گرنگترین ئەو تەوەرانەی کە ڕێککەوتنیان لەسەر کرا بریتی بوون لە:
-
دامەزراندنی سەنتەری فێرکردنی زمانی ڕووسی لە زانکۆی کوردستان و سەنتەری فێرکردنی زمانی فارسی لە زانکۆی فیدراڵی ئۆڕاڵ بە شێوەی ئۆنلاین و بە هاریکاریی مامۆستایانی زانکۆی کوردستان.
-
پێشکەشکردنی زنجیرە وتارێکی زانستیی ئۆنلاین لەلایەن مامۆستایانی بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی زانکۆی فیدراڵی ئۆڕاڵەوە بۆ خوێندکارانی زانکۆی کوردستان.
-
جێبەجێکردنی پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش لە بوارەکانی زمان و ئەدەبیاتی فارسی و کوردی و کوردستانناسیدا.
-
سازکردنی کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی هاوبەش.
-
ڕەخساندنی دەرفەتی توێژینەوەیی بۆ مامۆستایان و خوێندکارانی دکتۆرا، بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و خۆراکی خۆڕایی لەلایەن زانکۆی میواندارەوە.
-
پێکهێنانی پرۆگرامی خوێندنی هاوبەش (Joint Degree Programmes).
-
داڕشتنی مۆدێلێکی هاریکاریی سێقۆڵی لە نێوان کەرتی پیشەسازیی ئێران، زانکۆی کوردستان و زانکۆی فیدراڵی ئۆڕاڵ لە بوارەکانی کانزازانیی پێشکەوتوو، ئامێری دیجیتاڵ، بەرهەمهێنانی وزە، تەکنەلۆژیای زانیاری، ژیریی دەستکرد، کیمیا و بیۆتەکنەلۆژیا.
ئەم سەردانە هەنگاوێکی کاریگەرە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و ڕۆشنبیرییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا و هەروەها بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانی زانکۆی کوردستان لە بواری بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندنی باڵادا.
