دەربارەی بەشی ئەندازیاریی بایۆسیستەم
بەشی ئەندازیاریی بایۆسیستەم لە ساڵی ٢٠٠٧ لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی کوردستان، لە سەرەتادا بە ناوی "بەشی ئەندازیاریی میکانیکی ئامێرە کشتوکاڵییەکان" و بە وەرگرتنی خوێندکار لە ئاستی بەکالۆریۆس دامەزرا. لە ساڵی ٢٠١٢، بە کردنەوەی خوێندنی باڵا (ماستەر)، هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ پەرەپێدانی خوێندنی باڵا و بەرزکردنەوەی چالاکییە توێژینەوەییەکانی بەش نران. هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە بەرفراوانەکان لە پڕۆگرامەکانی خوێندنی پەیوەست بە ئامێرە کشتوکاڵییەکان، لە ساڵی ٢٠١٣ ناوی بەشەکە بۆ "ئەندازیاریی بایۆسیستەم" گۆڕدرا. لە ساڵی ٢٠٢٥، بەشەکە دەستی کرد بە وەرگرتنی خوێندکار لە ئاستی دکتۆرا.
ئێستا، ئەم بەشە لە ئاستی بەکالۆریۆس لە پسپۆڕییەکانی "ئەندازیاریی میکانیکی بایۆسیستەم" و "ئەندازیاریی ئامێرەکانی پیشەسازیی خۆراک"، لە ئاستی ماستەر لە پسپۆڕیی "ئەندازیاریی میکانیکی بایۆسیستەم" بە ئاراستەکانی "دیزاینی ئامێرە کشتوکاڵییەکان"، "تەکنەلۆژیای دوای دروێنە" و "وزە نوێبووەکان" و لە ئاستی دکتۆرا لە ئاراستەی "تەکنەلۆژیای دوای دروێنە" خوێندکاران پەروەردە دەکات. لە ئامانجە میانمەوداکانی بەش، پەرەپێدانی پسپۆڕیی ئەندازیاریی میکانیکی بایۆسیستەمە بۆ وەرگرتنی خوێندکاری دکتۆرا لە دوو ئاراستەی "دیزاین و دروستکردن" و "وزە نوێبووەکان" و هەروەها وەرگرتنی خوێندکاری نێودەوڵەتی لە ئاستەکانی بەکالۆریۆس و ماستەر.
ئەم بەشە خاوەنی ٩ ئەندامی دەستەی مامۆستایان، ٢٠ خوێندکاری ماستەر و ٢٥٠ خوێندکاری بەکالۆریۆسە. هەروەها شەش تاقیگەی توێژینەوەی چالاک و پێنج وۆرکشۆپی فێرکاریی هەیە. ئامانجە توێژینەوەییەکانی بەشی ئەندازیاریی بایۆسیستەم لەسەر تێکەڵکردن و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا نوێیەکانی ئەندازیاری لە بواری کشتوکاڵدا چڕ بووەتەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم بەشە، بەتواناکردنی جووتیارانە بۆ گەیشتن بە کشتوکاڵی بەردەوام لە ناوچە گوندنشینەکان. ئامانجێکی دیکە، پێگەیاندنی پسپۆڕانە بۆ دیزاین و باشترکردنی ئامێرە کشتوکاڵییەکان، پەرەپێدانی کشتوکاڵی ورد، دیزاین و جێبەجێکردنی سیستەمەکانی وزەی نوێبووەوە، تەکنەلۆژیاکانی دوای دروێنە و بەکارهێنانی پرۆسە بایۆلۆژی و هەستەوەرەکان لە سیستەمەکانی کشتوکاڵ، باخداری و ئاژەڵداریدا.
​​​​​​​بابەتە توێژینەوەییەکان بریتین لە دیزاین و دروستکردنی ئامێرە کشتوکاڵییەکان، گونجاندنی تەکنەلۆژیاکانی دوای دروێنە لەگەڵ پیشەسازیی خۆراک و سوودوەرگرتن لە وزە نوێبووەکان لە ناوچە گوندنشینەکان. تەکنیکەکانی زانست و ئەندازیاری، بۆ نموونە، کۆرسەکانی میکانیک، کارەبا، کۆمپیوتەر و ئەندازیاریی خۆراک، بە خوێندکاران دەوترێنەوە بە مەبەستی ئامادەکردنیان بۆ کارکردن لە پیشەسازییەکاندا.